1- ئێگزیستانسیالیزم:(Existentialisme) بوونایه‌تی،بوونگه‌رایی
ئه‌م زاراوه‌یه به واتای ڕه‌سه‌نایه‌تی یان پێشه‌نگایه‌تی "هه‌بوون"؛بنه‌مای ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه که له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستدا دامه‌زرا له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه چێ کراوه که بوونی بوونه‌وه‌ران سه‌ر به دوو لایه‌نه.یه‌که‌م: گه‌وهه‌ر( Essence)(ذات)یان چییه‌تی(ماهیت)و دووهه‌م:هه‌بوون( Existence)یان(وجود).
مرۆ تا ئه‌و ساته‌ی که به ئاکار و کرده‌وه‌کانی خۆی ده‌ستی به "چییه‌تییه‌کی تاکی" یان بوونێکی تایبه‌ت ڕانه‌گه‌یشتووه.ته‌نیا خاوه‌نی گه‌وهه‌ر یان چییه‌تییه‌کی گشتییه.بۆیه ته‌نیا له‌م قۆناغه‌دا ده‌مێنێته‌وه و وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی جیاواز و دابڕاو و گشتیی له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌دا له گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی دی هاوبه‌شه.
به‌ڵام کاتێ که مرۆ به هۆی "خۆناسینه‌وه" به سه‌ر چییه‌تی خۆیدا سه‌رده‌که‌وێ و لایه‌نێکی تایبه‌ت و دیاریکراو وه‌خۆ ده‌گرێت ده‌گه‌یێته قۆناغی "هه‌بوون".پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه ئه‌مه‌یه کام یه‌ک له‌م لایه‌نانه له پێشترن:"چییه‌تی" یان "هه‌بوون"؟
به‌رسڤی فه‌لسه‌فه به گشتی تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م جه‌ختی له سه‌ر پێشه‌نگایه‌تی "چییه‌تی" ده‌کرده‌وه،به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیزم به پێچه‌وانه‌وه بڕوای به پێشه‌نگایه‌تی "هه‌بوون"؛واته سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر که‌سێک پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه بێته "هه‌بوون"، بوونی نه‌بووه،بۆیه له ڕاستیدا "بوونی"ئه‌و که‌سه‌یه که له ڕه‌وتی کرده‌وه‌کانیدا "چییه‌تی" ئه‌ومان پێ نیشان ده‌دات.
ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه خاڵی دژ به خۆرتیوازییه(جبرگرایی)،چونکه له خۆرتیوازیدا مرۆڤ وه‌کوو تاکێک که چاره‌نووسی خۆی دیاری ناکات و کۆیله‌ی چاره‌نووسیه‌تی، ده‌ناسێنرێت،به‌ڵام له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌دا که "ژان پۆل سارتر"ی فه‌ڕه‌نسی به‌ناوبانگترین نوێنه‌ریه‌تی ئه‌مه مرۆڤه که له هه‌لومه‌رج و دووڕێیانه تووشه‌کانی ژیاندا بۆ خۆی بڕیار ده‌دا و نابێ شوێنی ڕێچکه و دابونه‌ریته کۆنه‌کان بکه‌وێت؛هه‌ر بۆیه‌شه سارتر له وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بییات خۆی پاراست و خه‌ڵاته‌که‌ی قبووڵ نه‌کرد.
2- ئۆمانیزم:( Humanisme)ئینسانگه‌رایی.
ئه‌م ڕێبازه بزاڤێکی هزرییه تایبه‌ت به سه‌ده‌ی شازده‌ی زایینی ئورووپا.تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ستایش و په‌سنی سه‌رده‌مانی ڕابردوو و ئاواتیشی ژیانه‌وه‌ی به ته‌واو مانای ئینسانه‌کانه.ئۆمانیزم مه‌زنترین بیرۆکه‌ی سه‌رده‌می ڕێنێسانسه؛ئۆمانیستهکان له‌و سه‌رده‌مه‌دا خۆیان به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کان و وه‌رگێڕان و پێداچوونه‌وه‌ی ئاسه‌واره کهڤنهکانی یۆنان و لاتینه‌وه خه‌ریک ده‌کرد.
له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه ئه‌م بیرۆکه‌یه واڵاترین و به‌رزترین بایه‌خ و نرخ ده‌به‌خشێته مرۆڤ؛بۆیه ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که له کتێبه‌کانیاندا له بایه‌خه به‌رزه ئینسانییه‌کان و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ و گه‌شانه‌وه و بووژانه‌وه‌ی ئینسان دواون له ڕاستیدا ئۆمانیستن.
3- ئایدیالیزم:(Idealisme ) ئامانجگه‌رایی.
ئه‌م ڕێبازه له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که هه‌موو ڕاستییه‌ک ته‌نیا وه‌کوو بوونێکی گیانیی(روحی) ڕووت و ڕه‌سه‌ن بوونیان هه‌یه و له‌ش و جه‌سته‌ش شتێک نییه جگه له فۆرم و بیچمی ڕواڵه‌تیی ئه‌م بوونه؛واته جه‌سته له ڕاستیدا خۆنواندنی گیان و ڕه‌وانه.ئایدیالیسته‌کان هه‌موو بوونه‌وه‌رێک و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا هه‌ستیان پێده‌کا و تێ‌یان ده‌گا به وێنه‌یه‌کی زه‌ینیی مرۆڤه‌کان نه‌ک به‌رچاو و دیار ده‌زانن.
ده‌ڵێن:ئه‌گه‌ر "بوونی" من که هه‌موو شتێک هه‌ست پێده‌که‌م و تێیاندهگهم نه‌بووبا،ئیدی ناتوانین بڵێین که شتێک "بوونی" هه‌یه، واته ئیدی بوونێک له ئارادا نییه.ئه‌فلاتوون،هێگێل و بێرکلی نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕێبازه‌ن.
درێژه‌ی هه‌یه...