قسه‌یه‌ک له گه‌ڵ مامۆستایانی وێژه‌ی فارسی به بۆنه‌ی ئاماده بوونی کتێبی "وانه‌ی کوردی" دیوانده‌ره
( سخنی با دبیران ادبیات به بهانه‌ی آماده شدن کتاب "درس کردی" دیواندره )
به ناوی یه‌زدانی پاک،داهێنه‌ری بیر و وته و کرداری چاک
سه‌ری نامه‌م به ناوی تۆ خودایه که بێ ناوت دڵانمان بێ‌نه‌وایه
من ئه‌وڕۆ چم ده‌وێ لێت، هه‌ر زمانێ زمانێ بێ، که په‌سنی تۆ بزانێ
" زۆر له ڕۆژ ئاشکراتره؛ پێناسی گه‌لان له جیهان، دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی، ئامیانی ڕه‌گه‌زایه‌تی زمانه و به‌س." هه‌ژار
زۆر له‌مێژ بوو که‌ڵکه‌ڵه و بیرۆکه‌ی داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی کتێبێکی ڕێک‌و‌پێکی وانه‌ی کوردی بۆ قوتابیان له مێشک و زه‌ینمدا ئۆقره‌ی لێ بڕیبووم.ئه‌م مه‌راقه له دڵمدا ببووه گرێ‌کوێره‌یه‌ک.له ساڵی 1379ی هه‌تاوییه‌وه(2000ی زایینی) که بوومه مامۆستای ئه‌ده‌بییاتی فارسی، به تاسه و ئاواتی ئه‌وه‌وه بووم و هه‌رده‌م خۆزگه‌م ده‌خواست بریا منداڵانی هه‌ژاری کورد له پاڵ کتێبی ئه‌ده‌بییاتی فارسییه‌که‌یاندا لانیکه‌م نامیلکه‌یه‌کیش هه‌بوایه که بیانتوانیبایه له گه‌ڵ گۆشه‌یه‌ک له ده‌ریای بێ‌بنی زمانی کوردی و ئاسمانی پڕئه‌ستێره‌ی ئه‌ده‌بی کوردیی‌شدا ئاشنا بایه‌ن.بۆیه هه‌ر له ساڵه‌کانی ده‌سپێکی مامۆستایه‌تیمه‌وه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆم ده‌زانی قوتابییه‌کانم ببه‌مه نێو باخچه‌ی پڕ له گوڵجاڕی زمانی کوردییه‌وه.
من و هه‌زارانی وه‌کوو من که فرچک گرتوو و په‌روه‌رده کراوی ڕێبازی "سروه" تاقه یادگاری هێمنی مه‌زن بووین،خۆم به قه‌رزداری هێمن ده‌زانی؛ لێبڕاوانه بڕیارم دا له کاته‌کانی پاش کۆتایی پۆلدا ئه‌م کاره به ئه‌ستۆ بگرم.بۆیه نامیلکه‌یه‌کی ساکاری وانه‌ی کوردییم به شێوه‌یه‌کی خۆڕسک که ئامێته‌یه‌ک له ڕێنووس و شێعر و ژیاننامه‌ی شاعیران بوو ئاماده کرد و به قوتابیانم ده‌گوته‌وه.دیاره چونکه ئه‌م کاره‌م له دڵه‌وه هه‌ڵقوڵا بوو به دڵی قوتابییه‌کانیشمه‌وه ده‌نووسا و چێژێکی تایبه‌تییان له کوردییه‌که وه‌رده‌گرت.
هه‌رچه‌ند له‌م ڕێگا پڕ له هه‌وراز و نشێوه‌دا تووشی هه‌ندێ تانه و قسه‌ڵۆکه‌وه له لایه‌ن بڕێ له نه‌یاران و هێمن گوته‌نی:گورگه‌مێشانی خۆماڵییه‌وه بووم و به چقڵی قسه‌کانیان ئازاریان ده‌دام و دڵیان ده‌ڕووشاندم و جارجارێک په‌ژاره دایده‌گرتم، لێ هیواده‌ر و ئومێدبه‌خش بوون.ده‌مزانی ئه‌وانه مخابن له خه‌زێنه‌ی پڕ له گه‌وهه‌ری زمانه‌که‌یان بێ‌ئاگان،بۆیه وا سووکایه‌تی پێده‌که‌ن.جا با له‌م گازنده و گله‌ییانه لێ‌گه‌ڕێین، چونکه سکاڵا زۆره.
له ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 1393ی هه‌تاویدا جه دمای بیستنی چاپ بوونی کتێبی "وانه‌ی کوردی" له لایه‌ن دایره‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌قز و به هاوکاری گرووپی ئه‌ده‌بییاتی قۆناغی ناوه‌ندی و قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی ئه‌و شاره‌وه به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی؛ گه‌زگه‌ز باڵام کرد و گه‌شامه‌وه و دڵ و چه‌مانم ڕوون بووه‌وه.ئۆخژنێکم به دڵدا هات،چونکه به ڕاستی ئه‌م هه‌واڵه بۆ من گه‌یشتن به بستووی به‌شێکی هه‌ره بچووک له ئاواته له مێژینه‌که‌م بوو.
له جڤاتی مامۆستایانی وانه‌ی فارسی قۆناغی ناوه‌ندیی دیوانده‌ره گه‌ڵاڵه‌ی نووسینی وه‌ها کتێبێکم هێنا ئاراوه،که پێشوازییه‌کی باشی به تایبه‌ت له لایه‌ن مامۆستایانی کۆنه‌کار و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی گرووپه‌که‌مانه‌وه لێ کرا.جا ده‌ڵێن: "چکۆله‌ترین کرده‌وه‌ی ئینسان له سه‌د قسه‌ی زل باشتره دیسان" منیش هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه به تامه‌زرۆییه‌وه به‌له‌ز قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی و بڕیارم دا هه‌موو ئه‌و وانه کوردییانه‌ی که له ماوه‌ی هه‌وڵ و ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌م دا فێری قوتابیانم کردبوو، به هه‌ندێ ده‌سکاری و پێداچوونه‌وه، به‌ڵ به شێوه‌یه‌کی زانستییانه له دووتوێ کتێبێکی بیست وانه‌یی ڕێ‌وپێکدا گرد که‌مه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت زۆر به پێزانینه‌وه له‌و مامۆستا دڵسۆز و هێژایانه‌ی که له پێشنیار و ئه‌زموونه‌کانی خۆیان له‌م به‌ستێنه‌دا بێ‌به‌شیان نه‌کردم.
ناواخنی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کانی کتێبه‌که بریتیه له هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان،له گه‌ڵ چه‌ند خاڵێکی ڕێزمانی‌دا.بابه‌تی ده‌قه‌کانی ده‌ستپێکی هه‌ر وانه‌یه‌ک هێنانی نموونه‌یه‌کی شێعریی و ناسینێکی زۆر کورتی ئه‌و هۆزانڤان و هۆنه‌رانه‌یه که له ئاسمانی مێژووی وێژه‌ی پرشنگداری کوردی‌دا ده‌ورێکی به‌رچاویان هه‌بووه و بێگومان هه‌وڵ دراوه تۆره‌ڤان و وێژه‌وانانی که‌ڤن و نوێخوازی گشت ناوچه‌کانی کوردستان، نه‌خاسما ئه‌ستوونده‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی به سه‌ر بکرێنه‌وه و ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه، که هانده‌ر بێ بۆ ئه‌وه‌ی دوایی قوتابی بتوانێ خۆی به پوختی له سه‌ر ژیان و شێعره‌کانیان بکۆڵێته‌وه.
له ته‌نیشت ئه‌م چه‌ند بابه‌ته‌دا پرسیار و ڕاهێنان و خۆتاقی‌کردنه‌وه‌کانی ڕێنووسیی بۆ باش تێگه‌یشتنی فێرکاران له ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کان به‌نرخ و کارێکی گونجاوه،که پێویسته مامۆستایانی ده‌لال زۆر بایه‌خ و گرنگیی به پرسیار و ڕاهێنانه‌کان بده‌ن و خێرا به سه‌ریاندا ڕانه‌بوورن و به سه‌رنجدان به‌وه‌ی که زمان و ئه‌ده‌بییات گونجاوترین که‌ره‌سه‌ی گواستنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه له به‌ره‌یه‌که‌وه بۆ به‌ره‌یه‌کی دیکه، ده‌بێ قوتابیان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و ئه‌نجامدانی تۆژینه‌وه‌کانی نێو پرسیاره‌کان به تایبه‌ت په‌یام و ئامانجه به‌رزه مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌کانی نێو ده‌قه‌کان به شێوه‌یه‌کی مه‌یدانی هان بدرێن.مامۆستاکه ده‌توانێ له به‌رسڤ دانه‌وه‌ی هه‌ندێکیاندا ئاریکاری قوتابیان بێت.
هه‌روه‌ها جه دلێ هه‌ر وانه‌یه‌کدا ئاوڕێکمان له به‌شێکی ئه‌ده‌بی زاره‌کیش داوه‌ته‌وه و به هێنانی چه‌ند په‌ندی پێشینیان و مه‌ته‌ڵی کوردی ئه‌و که‌لێنه‌مان پڕ کردۆته‌وه، و کتێبه‌که‌مان خه‌مڵاندووه، چونکه ده‌زانین ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه و ئه‌ده‌بی کوردییش له‌م بواره‌دا زۆر به‌پێز و ده‌وڵه‌مه‌نده.
پێویسته بێژم شرۆڤه و شه‌رحی به‌شی ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان و خاڵه ڕێزمانییه‌کان به زمانی فارسییه،چونکه قوتابیان هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندنه‌وه به فارسی خوێندوویانه و به فارسی گۆچ کراون! بۆیه پێمان وایه به هۆی زانستی و ته‌کنیکی بوونی ئه‌م دوو به‌شه‌وه شرۆڤه‌یان به زمانی فارسی له باشتر فامکردنیان له ڕێنووس و ڕازه‌کان یارمه‌تییان ده‌دات.به‌ڵام بۆ ڕاهێنان له خوێندنه‌وه‌ی پاراوی کوردی‌دا، شێعر و په‌خشانه‌کان یارمه‌تی ده‌رن. هه‌وڵ دراوه زمان و ڕێنووسی ده‌قه‌کانیش به پێی یاسای په‌سه‌ند کراوی ئاکادێمیای زمانی کوردی و به ڕێنووس و زمانی یه‌کگرتوو و پێوه‌ر بن.جگه له‌مانه له هه‌ر وانه‌یه‌کیشدا چیرۆکێکی مینی‌ماڵمان هێناوه که له هه‌ڵبژاردنیاندا به گشتی لایه‌نه ئه‌خلاقی و په‌روه‌رده‌ییه‌کانی ئه‌و چیرۆکانه‌مان له به‌ر چاو بووه.
تکام له سه‌یدایانی ده‌لال ئه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک شاره‌زای زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بن و ئاگاداری خوێندنه‌وه و بێژه کردنی بێ‌هه‌ڵه و گرێ‌وگۆڵی ده‌قی وانه‌کان بن و جه‌ختی له سه‌ر بکه‌ن و قوتابیانیش ئاگاداری خوێندنه‌وه‌ی دروستی ده‌قه‌کان بکه‌ن،ده‌بێ به وه‌ها شێوازێکی دڵاوا و شیرین و گه‌رم‌وگوڕیشه‌وه ناواخنی وانه‌کان به قوتابیان بڵێنه‌وه که دوایی له دڵیان‌دا ببێته هۆی دنه‌دان و دروستبوونی هۆگری و چرۆی خۆشه‌ویستیی له به‌ر‌انبه‌ر زمان و ئه‌ده‌ب و چاندی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
جا هێڤی‌دارم ئه‌م په‌رتووکه که به دوور له هه‌ر جۆره ده‌مارگرژی و ناوچه‌گه‌رایی ئاماده کراوه و به‌رهه‌می هوونێ دڵ و چقاس هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێ‌وچانمانه، ببێته ڕۆچنه‌یه‌ک بۆ داهاتوو و ئاشنا بوونی خۆر‌ت و زاڕۆیانی کورد له گه‌ڵ به‌شێک له خه‌رمانی به‌رینی زمان و ئه‌ده‌به‌که‌یان،ئه‌مه وه‌کوو کورد گوته‌نی: "دیاری شوان ئاڵه‌کۆکه" ئێمه‌ش به قه‌ده‌ر توانای خۆمان له بێستانی زمان و وێژه‌ی کوردییمان ڕنیوه و به شێوه‌ی چه‌ند وانه‌یه‌ک خستوومانه‌ته نێو دووتوێ ئه‌م کتێبه‌وه.داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی وێنه‌کانی ڕووبه‌رگ و پشت‌به‌رگی کتێبه‌که‌ش بیرۆکه و کاری خۆمه.
بێگومان مه‌زانووم ئه‌م کاره بێ‌که‌م‌وکووڕی نییه،هیوادارم سه‌یدایان و کوردی‌زانانی شاره‌زا نه‌ک به تێخی بوغز، به‌ڵکوو به خامه‌ی ڕه‌نگین و خشڵی سه‌رنج و پێشنیاره‌کانی خۆیان بیڕازێتنه‌وه و هه‌ڵه‌کانمان بۆ باشتر کردنی له داهاتوودا بۆ راست که‌نه‌وه و که‌لێنه‌کانمان بۆ پڕ که‌نه‌وه.جا با پێکه‌وه بڵێین:
دڵێکمان پێ بده ده‌ریای ئه‌وین بێ به‌رین بێ،بێ‌به‌رین بێ، ئاگرین بێ
دڵێ بێ، خوێن نه‌بێ،دڵ بێ له سینه دڵێ بێ‌ژه‌نگ و گه‌رد و بوغز و کینه
بنێره خوایه هه‌توانی برینمان که ژانی دڵ بڕی، خۆشیی له ژینمان
براتان له‌تیف سوڵتانی
letifkurd@gmail.com
جۆزه‌ردانی2715ی کوردی
(1394ی هه‌تاوی)(2015ی زایینی)
http://ketabnak.com/redirect.php?dlid=67500
ڕاسته‌ن مه‌واچان فارسی شه‌ککه‌ره‌ن
کوردی جه فارسی به‌ڵ شیرینته‌ره‌ن
په‌ی چێش نه ده‌وران ئه‌ی دنیای به‌دکێش
مه‌حزووزه‌ن هه‌رکه‌س به زوبانێ وێش (خانای قوبادی)
کتێب و ده‌فته‌ر و ته‌ئریخ وکاغه‌ز
به کوردی گه‌ر بنووسرایه زوبانی
مه‌لا و شێخ و ئه‌میر و پادشامان
هه‌تا مه‌حشه‌ر ده‌ما ناو و نیشانی( حاجی قادر)
کورمانج نە پڕ دبێ کەمالن
ئەمما یەتیم و بێ مەجالن
فێلجوملە نە جاهێل و نەزانن
بەلکی سەفیل و بێ‌خودانن(خانی)
فارس و کورد و عه‌ره‌ب هه‌ر سێم به ده‌فته‌ر گرتووه
«نالی» ئه‌مڕۆ حاکمی سێ موڵکه دیوانی هه‌یه
ته‌بعی شه‌ککه‌رباری من،کوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌کا
ئیمتحانی خۆیه مه‌قسوودی،له عه‌مدا وا ده‌کا( نالی)
چه‌ند حه‌کایه‌ت له بایه‌زید به‌ستامی
(چند حکایت از بایزید بسطامی)
له سوڵتانولعارفین بایه‌زیدی به‌ستامی ده‌گێڕنه‌وه، دایکی بایه‌زید شه‌وێکی ساردی زستانی به‌وی وت:ئاوم بۆ بێنه.بایه‌زید بۆ هێنانی ئاو وه ده‌رکه‌وت،کاتێک گه‌ڕایه‌وه دایکی خه‌وی لێکه‌وتبوو.گۆزه به ده‌ست هه‌ر وا وه‌ستا تا دایکی له خه‌و هه‌ستا.وتی ئه‌ی بایه‌زید کوا ئاو؟ بایه‌زید وتی: ئه‌وه‌تا ئاو.دایکی گۆزه‌ی له ده‌ست بایه‌زید وه‌رگرت له کاتێکدا له سه‌رما گۆزه‌که به ئه‌نگوستی بایه‌زیده‌وه لکا بوو و توێژێک له پێستی ئه‌نگوستی به ده‌سکی گۆزه‌وه مابوو.
دایکی کاتێک وه‌های بینی له‌م کاره‌ی پرسی.بایه‌زید بۆی گێڕاوه و وتی: ئه‌وه پێستی ئه‌نگوستی منه.له دڵمدا وتم:ئه‌گه‌ر گۆزه دابنێم و بڕۆم بخه‌وم له‌وانه‌یه تۆ ئاوت بوێ و نه‌یبینی، و تۆ به منت نه‌وت که ئاو له سه‌ر عه‌رز دابنێم،ئه‌وم به ده‌سته‌وه گرت هه‌تا فه‌رمانی تۆم به‌جێ گه‌یاندبێ و ڕه‌زایه‌تی تۆم پێکهێنابێ.دایکی وتی: خودا له تۆ ڕازی بێ.
.........................................
دیسانه‌وه له بایه‌زید ده‌گێڕنه‌وه کاتێک له مه‌ککه‌وه ده‌هاته‌وه بۆ به‌ستام،گه‌یشته هه‌مه‌دان.تۆوی برژاوی کڕیبوو.هه‌ندێکی له بوخچه‌یه‌ک نا و خستیه نێو گیرفانی که‌واکه‌ی و هێنایه‌وه به‌ستام.که کردییه‌وه چه‌ند مێرووله‌یه‌کی تێدا بینی.وتی:من ئه‌وانه‌م له شوێنی خۆیان ئاواره کردووه.هه‌ستا و ئه‌وانی برده‌وه هه‌مه‌دان و له‌و شوێنه‌ی که کونه‌که‌یان بوو داینان.
........................................
دیسانه‌وه ده‌گێڕنه‌وه ڕۆژێک له گه‌ڵ یارانی خۆی ده‌ڕۆیشت،سه‌گێک به کۆڵانێکی ته‌نگ دا ده‌هات،شێخ له کۆڵانه‌که گه‌ڕا دواوه و ڕێگه‌ی بۆ سه‌گه‌که چۆڵ کرد،مریدێک وتی: حه‌ق ته‌عالا ئینسانی موککه‌ڕه‌م کردووه و شێخ‌یش به‌و هه‌موو گه‌وره‌یی و پله و پایه و مریده‌وه سه‌گێکی وه پێش وان دان، ئه‌مه یانێ چی؟بایه‌زید وتی: له‌و کاته‌دا سه‌گ به زمانی حاڵ وتی: له کۆنی کۆندا له من چ ته‌قسیر و له تۆ چ تۆفیرێک ڕووی دا که که‌وڵی سه‌گیان له به‌ر من کرد و خه‌ڵاتی سوڵتانولعارفینیان به تۆ به‌خشی؟ له نه‌کاو ئه‌و بیره هاته نێو زه‌ینمه‌وه و ڕێگه‌که‌م بۆ چۆڵ کرد.
ئامۆژگاریی مامۆستا هه‌ژار بۆ شێرکۆی کوڕی
شێرکۆ کوڕی خۆشه‌ویست و ژیرم زاخاوی مه‌ژیم و هۆش و بیرم
پنج و ڕه‌گه‌زی دڵ و گیانم خونچه‌ی شه‌به‌قی باخی ژیانم
هێشتا به ته‌مه‌ن مناڵ و کاڵی وه‌ک ده‌ربه‌ده‌رییم دوازده ساڵی
هه‌رچه‌نده کوڕی منی هه‌ژاری دوا ڕۆژی هه‌ژاره نادیاری
لێم ڕوون نییه پاشی چت به‌سه‌ر دێ هیوام گه‌لێ پێته ببیه مه‌ردێ
مه‌ردێکی به‌کار و چابوک و زیت بیرێ بکه‌ی و بزانی تۆ چیت
ده‌ردی گه‌له‌که‌ت بزانی چۆنه بۆت ده‌رده‌که‌وێ برینی کۆنه...
کورد هه‌ر له خه‌وی نه‌زانی دایه هه‌ر پێکه‌وه‌یان گڕ و هه‌رایه
بێگانه‌په‌ره‌سته خۆ نه‌ویسته بۆ هاوڕه‌گه‌زی که‌ڕ و نه‌بیسته...
کێ هۆنه‌ری کورده یان هونه‌روه‌ر که‌م بایی‌تره له توور و گێزه‌ر
وا بیر مه‌که‌وه ئه‌مه‌م درۆیه بۆ ڕاستی نموونه بابی تۆیه
کاتم ئه‌وه گه‌ییه سی و نۆ ساڵ هه‌ر ساڵه له پار پتر ژیان تاڵ
دڵخۆشی له ڕووپه‌ری ژیانم هه‌ر هێنده‌یه ناوه‌که‌ی ده‌زانم
ئاواره له نیشتمانی خۆمم ئاواته‌خواز به ژینی دۆمم
واڵاده‌س و دڵ پڕ و په‌ژارم سه‌رباری هه‌ژاریی، ده‌رده‌دارم
هه‌ر مانگه له دێیه‌ک و له جێیه‌ک هه‌ر ڕۆژه میوانی خانه‌خوێیه‌ک
ده‌رکێ نییه دادی بۆ بنێرم هه‌ردێ نییه خۆمی لێ وه‌شێرم...
هه‌رچه‌نده که نیمه هیچ ده‌رووی ڕوون هه‌ر دژ ده‌گه‌ڕێ گه‌ڕانی گه‌ردوون
ده‌ستم له هومێدێ به‌ر نه‌داوه چاوم له پسانی به‌ند و داوه
پێم وایه دوا به ڕۆژی ڕه‌ش دێ زۆر ناچێ که باو و ڕۆژی مه‌ش دێ
جا با پتریش به ده‌رد و کوڵ بم با ڕووت و کڵۆڵ و داخ له دڵ بم...
با من به هه‌ژاریی بچمه ژێر گڵ کورد ڕۆژێ ده‌بن به گوڵ له‌سه‌ر چڵ
هه‌ر هێنده تکام له تۆیه ڕۆڵه‌م مه‌ڕوانه که ئه‌م شڕ و شڕۆڵه‌م
زۆرتر له منیش کز و هه‌ژار بی بێ یار و نزار و لێو به‌بار بی
ده‌ربه‌س مه‌به ، بۆ گه‌لت بکۆشه ژه‌هراوی له‌سه‌ر بنۆشه ،خۆشه
باوکی تۆ چلۆن بوو شوێنی بگره
حیزانه مه‌ژی ، به مه‌ردی بمره
سێ‌شه‌ممه29ی گوڵانی 1394ی هه‌تاوی- قوتابیانی پۆلی حه‌وت و هه‌شتی گوڵانه
اردیبهشت 1394 - دانش‌آموزان کلاس هفت و هشت گلانه