قسه‌یه‌ک له گه‌ڵ مامۆستایانی وێژه‌ی فارسی به بۆنه‌ی ئاماده بوونی کتێبی "وانه‌ی کوردی" دیوانده‌ره
( سخنی با دبیران ادبیات به بهانه‌ی آماده شدن کتاب "درس کردی" دیواندره )
به ناوی یه‌زدانی پاک،داهێنه‌ری بیر و وته و کرداری چاک
سه‌ری نامه‌م به ناوی تۆ خودایه که بێ ناوت دڵانمان بێ‌نه‌وایه
من ئه‌وڕۆ چم ده‌وێ لێت، هه‌ر زمانێ زمانێ بێ، که په‌سنی تۆ بزانێ
" زۆر له ڕۆژ ئاشکراتره؛ پێناسی گه‌لان له جیهان، دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی، ئامیانی ڕه‌گه‌زایه‌تی زمانه و به‌س." هه‌ژار
زۆر له‌مێژ بوو که‌ڵکه‌ڵه و بیرۆکه‌ی داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی کتێبێکی ڕێک‌و‌پێکی وانه‌ی کوردی بۆ قوتابیان له مێشک و زه‌ینمدا ئۆقره‌ی لێ بڕیبووم.ئه‌م مه‌راقه له دڵمدا ببووه گرێ‌کوێره‌یه‌ک.له ساڵی 1379ی هه‌تاوییه‌وه(2000ی زایینی) که بوومه مامۆستای ئه‌ده‌بییاتی فارسی، به تاسه و ئاواتی ئه‌وه‌وه بووم و هه‌رده‌م خۆزگه‌م ده‌خواست بریا منداڵانی هه‌ژاری کورد له پاڵ کتێبی ئه‌ده‌بییاتی فارسییه‌که‌یاندا لانیکه‌م نامیلکه‌یه‌کیش هه‌بوایه که بیانتوانیبایه له گه‌ڵ گۆشه‌یه‌ک له ده‌ریای بێ‌بنی زمانی کوردی و ئاسمانی پڕئه‌ستێره‌ی ئه‌ده‌بی کوردیی‌شدا ئاشنا بایه‌ن.بۆیه هه‌ر له ساڵه‌کانی ده‌سپێکی مامۆستایه‌تیمه‌وه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆم ده‌زانی قوتابییه‌کانم ببه‌مه نێو باخچه‌ی پڕ له گوڵجاڕی زمانی کوردییه‌وه.
من و هه‌زارانی وه‌کوو من که فرچک گرتوو و په‌روه‌رده کراوی ڕێبازی "سروه" تاقه یادگاری هێمنی مه‌زن بووین،خۆم به قه‌رزداری هێمن ده‌زانی؛ لێبڕاوانه بڕیارم دا له کاته‌کانی پاش کۆتایی پۆلدا ئه‌م کاره به ئه‌ستۆ بگرم.بۆیه نامیلکه‌یه‌کی ساکاری وانه‌ی کوردییم به شێوه‌یه‌کی خۆڕسک که ئامێته‌یه‌ک له ڕێنووس و شێعر و ژیاننامه‌ی شاعیران بوو ئاماده کرد و به قوتابیانم ده‌گوته‌وه.دیاره چونکه ئه‌م کاره‌م له دڵه‌وه هه‌ڵقوڵا بوو به دڵی قوتابییه‌کانیشمه‌وه ده‌نووسا و چێژێکی تایبه‌تییان له کوردییه‌که وه‌رده‌گرت.
هه‌رچه‌ند له‌م ڕێگا پڕ له هه‌وراز و نشێوه‌دا تووشی هه‌ندێ تانه و قسه‌ڵۆکه‌وه له لایه‌ن بڕێ له نه‌یاران و هێمن گوته‌نی:گورگه‌مێشانی خۆماڵییه‌وه بووم و به چقڵی قسه‌کانیان ئازاریان ده‌دام و دڵیان ده‌ڕووشاندم و جارجارێک په‌ژاره دایده‌گرتم، لێ هیواده‌ر و ئومێدبه‌خش بوون.ده‌مزانی ئه‌وانه مخابن له خه‌زێنه‌ی پڕ له گه‌وهه‌ری زمانه‌که‌یان بێ‌ئاگان،بۆیه وا سووکایه‌تی پێده‌که‌ن.جا با له‌م گازنده و گله‌ییانه لێ‌گه‌ڕێین، چونکه سکاڵا زۆره.
له ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 1393ی هه‌تاویدا جه دمای بیستنی چاپ بوونی کتێبی "وانه‌ی کوردی" له لایه‌ن دایره‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌قز و به هاوکاری گرووپی ئه‌ده‌بییاتی قۆناغی ناوه‌ندی و قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی ئه‌و شاره‌وه به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی؛ گه‌زگه‌ز باڵام کرد و گه‌شامه‌وه و دڵ و چه‌مانم ڕوون بووه‌وه.ئۆخژنێکم به دڵدا هات،چونکه به ڕاستی ئه‌م هه‌واڵه بۆ من گه‌یشتن به بستووی به‌شێکی هه‌ره بچووک له ئاواته له مێژینه‌که‌م بوو.
له جڤاتی مامۆستایانی وانه‌ی فارسی قۆناغی ناوه‌ندیی دیوانده‌ره گه‌ڵاڵه‌ی نووسینی وه‌ها کتێبێکم هێنا ئاراوه،که پێشوازییه‌کی باشی به تایبه‌ت له لایه‌ن مامۆستایانی کۆنه‌کار و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی گرووپه‌که‌مانه‌وه لێ کرا.جا ده‌ڵێن: "چکۆله‌ترین کرده‌وه‌ی ئینسان له سه‌د قسه‌ی زل باشتره دیسان" منیش هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه به تامه‌زرۆییه‌وه به‌له‌ز قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی و بڕیارم دا هه‌موو ئه‌و وانه کوردییانه‌ی که له ماوه‌ی هه‌وڵ و ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌م دا فێری قوتابیانم کردبوو، به هه‌ندێ ده‌سکاری و پێداچوونه‌وه، به‌ڵ به شێوه‌یه‌کی زانستییانه له دووتوێ کتێبێکی بیست وانه‌یی ڕێ‌وپێکدا گرد که‌مه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت زۆر به پێزانینه‌وه له‌و مامۆستا دڵسۆز و هێژایانه‌ی که له پێشنیار و ئه‌زموونه‌کانی خۆیان له‌م به‌ستێنه‌دا بێ‌به‌شیان نه‌کردم.
ناواخنی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کانی کتێبه‌که بریتیه له هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان،له گه‌ڵ چه‌ند خاڵێکی ڕێزمانی‌دا.بابه‌تی ده‌قه‌کانی ده‌ستپێکی هه‌ر وانه‌یه‌ک هێنانی نموونه‌یه‌کی شێعریی و ناسینێکی زۆر کورتی ئه‌و هۆزانڤان و هۆنه‌رانه‌یه که له ئاسمانی مێژووی وێژه‌ی پرشنگداری کوردی‌دا ده‌ورێکی به‌رچاویان هه‌بووه و بێگومان هه‌وڵ دراوه تۆره‌ڤان و وێژه‌وانانی که‌ڤن و نوێخوازی گشت ناوچه‌کانی کوردستان، نه‌خاسما ئه‌ستوونده‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی به سه‌ر بکرێنه‌وه و ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه، که هانده‌ر بێ بۆ ئه‌وه‌ی دوایی قوتابی بتوانێ خۆی به پوختی له سه‌ر ژیان و شێعره‌کانیان بکۆڵێته‌وه.
له ته‌نیشت ئه‌م چه‌ند بابه‌ته‌دا پرسیار و ڕاهێنان و خۆتاقی‌کردنه‌وه‌کانی ڕێنووسیی بۆ باش تێگه‌یشتنی فێرکاران له ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کان به‌نرخ و کارێکی گونجاوه،که پێویسته مامۆستایانی ده‌لال زۆر بایه‌خ و گرنگیی به پرسیار و ڕاهێنانه‌کان بده‌ن و خێرا به سه‌ریاندا ڕانه‌بوورن و به سه‌رنجدان به‌وه‌ی که زمان و ئه‌ده‌بییات گونجاوترین که‌ره‌سه‌ی گواستنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه له به‌ره‌یه‌که‌وه بۆ به‌ره‌یه‌کی دیکه، ده‌بێ قوتابیان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و ئه‌نجامدانی تۆژینه‌وه‌کانی نێو پرسیاره‌کان به تایبه‌ت په‌یام و ئامانجه به‌رزه مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌کانی نێو ده‌قه‌کان به شێوه‌یه‌کی مه‌یدانی هان بدرێن.مامۆستاکه ده‌توانێ له به‌رسڤ دانه‌وه‌ی هه‌ندێکیاندا ئاریکاری قوتابیان بێت.
هه‌روه‌ها جه دلێ هه‌ر وانه‌یه‌کدا ئاوڕێکمان له به‌شێکی ئه‌ده‌بی زاره‌کیش داوه‌ته‌وه و به هێنانی چه‌ند په‌ندی پێشینیان و مه‌ته‌ڵی کوردی ئه‌و که‌لێنه‌مان پڕ کردۆته‌وه، و کتێبه‌که‌مان خه‌مڵاندووه، چونکه ده‌زانین ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه و ئه‌ده‌بی کوردییش له‌م بواره‌دا زۆر به‌پێز و ده‌وڵه‌مه‌نده.
پێویسته بێژم شرۆڤه و شه‌رحی به‌شی ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان و خاڵه ڕێزمانییه‌کان به زمانی فارسییه،چونکه قوتابیان هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندنه‌وه به فارسی خوێندوویانه و به فارسی گۆچ کراون! بۆیه پێمان وایه به هۆی زانستی و ته‌کنیکی بوونی ئه‌م دوو به‌شه‌وه شرۆڤه‌یان به زمانی فارسی له باشتر فامکردنیان له ڕێنووس و ڕازه‌کان یارمه‌تییان ده‌دات.به‌ڵام بۆ ڕاهێنان له خوێندنه‌وه‌ی پاراوی کوردی‌دا، شێعر و په‌خشانه‌کان یارمه‌تی ده‌رن. هه‌وڵ دراوه زمان و ڕێنووسی ده‌قه‌کانیش به پێی یاسای په‌سه‌ند کراوی ئاکادێمیای زمانی کوردی و به ڕێنووس و زمانی یه‌کگرتوو و پێوه‌ر بن.جگه له‌مانه له هه‌ر وانه‌یه‌کیشدا چیرۆکێکی مینی‌ماڵمان هێناوه که له هه‌ڵبژاردنیاندا به گشتی لایه‌نه ئه‌خلاقی و په‌روه‌رده‌ییه‌کانی ئه‌و چیرۆکانه‌مان له به‌ر چاو بووه.
تکام له سه‌یدایانی ده‌لال ئه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک شاره‌زای زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بن و ئاگاداری خوێندنه‌وه و بێژه کردنی بێ‌هه‌ڵه و گرێ‌وگۆڵی ده‌قی وانه‌کان بن و جه‌ختی له سه‌ر بکه‌ن و قوتابیانیش ئاگاداری خوێندنه‌وه‌ی دروستی ده‌قه‌کان بکه‌ن،ده‌بێ به وه‌ها شێوازێکی دڵاوا و شیرین و گه‌رم‌وگوڕیشه‌وه ناواخنی وانه‌کان به قوتابیان بڵێنه‌وه که دوایی له دڵیان‌دا ببێته هۆی دنه‌دان و دروستبوونی هۆگری و چرۆی خۆشه‌ویستیی له به‌ر‌انبه‌ر زمان و ئه‌ده‌ب و چاندی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
جا هێڤی‌دارم ئه‌م په‌رتووکه که به دوور له هه‌ر جۆره ده‌مارگرژی و ناوچه‌گه‌رایی ئاماده کراوه و به‌رهه‌می هوونێ دڵ و چقاس هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێ‌وچانمانه، ببێته ڕۆچنه‌یه‌ک بۆ داهاتوو و ئاشنا بوونی خۆر‌ت و زاڕۆیانی کورد له گه‌ڵ به‌شێک له خه‌رمانی به‌رینی زمان و ئه‌ده‌به‌که‌یان،ئه‌مه وه‌کوو کورد گوته‌نی: "دیاری شوان ئاڵه‌کۆکه" ئێمه‌ش به قه‌ده‌ر توانای خۆمان له بێستانی زمان و وێژه‌ی کوردییمان ڕنیوه و به شێوه‌ی چه‌ند وانه‌یه‌ک خستوومانه‌ته نێو دووتوێ ئه‌م کتێبه‌وه.داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی وێنه‌کانی ڕووبه‌رگ و پشت‌به‌رگی کتێبه‌که‌ش بیرۆکه و کاری خۆمه.
بێگومان مه‌زانووم ئه‌م کاره بێ‌که‌م‌وکووڕی نییه،هیوادارم سه‌یدایان و کوردی‌زانانی شاره‌زا نه‌ک به تێخی بوغز، به‌ڵکوو به خامه‌ی ڕه‌نگین و خشڵی سه‌رنج و پێشنیاره‌کانی خۆیان بیڕازێتنه‌وه و هه‌ڵه‌کانمان بۆ باشتر کردنی له داهاتوودا بۆ راست که‌نه‌وه و که‌لێنه‌کانمان بۆ پڕ که‌نه‌وه.جا با پێکه‌وه بڵێین:
دڵێکمان پێ بده ده‌ریای ئه‌وین بێ به‌رین بێ،بێ‌به‌رین بێ، ئاگرین بێ
دڵێ بێ، خوێن نه‌بێ،دڵ بێ له سینه دڵێ بێ‌ژه‌نگ و گه‌رد و بوغز و کینه
بنێره خوایه هه‌توانی برینمان که ژانی دڵ بڕی، خۆشیی له ژینمان
براتان له‌تیف سوڵتانی
letifkurd@gmail.com
جۆزه‌ردانی2715ی کوردی
(1394ی هه‌تاوی)(2015ی زایینی)