کارگاه ضمن خدمت 24 ساعتهی دانش افزایی "ادبیات کردی" برای دبیران ادبیات متوسطه‌ی اول و دوم
برای دیدن عکس با وضوح بیش‌تر آنرا در سیستم خود ذخیره کنید
کتێبی "زمان و وێژەی کوردی" لە قوتابخانەکانی ناوەندیی دیواندەرە لە پۆلەکانی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم بە فەرمی دەوترێتەوە
( کتاب " زبان و ادبیات کردی" در مدارس راهنمایی دیواندره در پایههای هفتم، هشتم و نهم به شیوه‌ی رسمی تدریس می‌شود)
به‌شێک له پێشەکیی کتێبەکە
زۆر له‌مێژ بوو که‌ڵکه‌ڵه و بیرۆکه‌ی داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی کتێبێکی ڕێکوپێکی وانه‌ی کوردی بۆ قوتابییان له مێشک و زه‌ینماندا ئۆقره‌ی لێ بڕیبووین. ئه‌م مه‌راقه له‌دڵماندا بوبووه گرێکوێره‌یه‌ک. هەردەم به‌تاسه و ئاواتی ئه‌وه‌وه بووین و خۆزگه‌مان ده‌خواست بریا منداڵانی هه‌ژاری کورد له‌پاڵ کتێبی ئه‌ده‌بییاتی فارسییه‌که‌یاندا لانیکه‌م نامیلکه‌یه‌کیش هه‌بوایه، که بیانتوانیبایه له‌گه‌ڵ گۆشه‌یه‌ک له‌ده‌ریای بێ‌بنی زمانی کوردی و ئاسمانی پڕئه‌ستێره‌ی ئه‌ده‌بی کوردیی‌شدا ئاشنا بایه‌ن. بۆیه هه‌ر له ساڵانی ده‌سپێکی مامۆستایهتیمانهوه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانی قوتابییه‌کانمان ببه‌ینه نێو گوڵجاڕی ئەدەب و زمانی کوردییه‌وه.
له ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 1393ی هه‌تاویدا جه دمای بیستنی چاپ بوونی کتێبی "وانه‌ی کوردی" له لایه‌ن دایره‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌قز و به هاوکاری لیژنەی ئه‌ده‌بییاتی قۆناغی ناوه‌ندیی و قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی ئه‌و شاره‌وه به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی؛ گه‌زگه‌ز باڵامان کرد و گه‌شاینه‌وه و دڵ و چهمانمان ڕوون بووه‌وه. ئۆخژنێکمان به دڵدا هات، چونکه به ڕاستی ئه‌م هه‌واڵه بۆ مە گه‌یشتن به بستووی به‌شێکی هه‌ره بچووک له ئاواته له مێژینهکهمان بوو. پاش مانگێک، له جڤاتی مامۆستایانی وانه‌ی فارسی قۆناغی ناوه‌ندیی دیوانده‌ره، گه‌ڵاڵه‌ی نووسینی وه‌ها کتێبێکمان هێنا ئاراوه، که پێشوازییه‌کی باشی لەلایەن هاوکارانەوە لێ‌کرا.
ئەم کتێبەی لەبەر دەستتان دایە شەش وانەی هەڵبژێردراوه کە بە مەبەستی پڕ کردنەوەی وانە ئازادەکانی کتێبە فارسییەکانی ئەم قۆناغە ئامادە کراوە.
جا له‌مه‌ڕ کتێبهکەوه؛ کتێبەکە له 126 لاپه‌ڕه و لە دوو بەش پێکهاتووە: بەشی ڕێنووس و بەشی وێژە. نێواخنی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کانی بەشی وێژە، بریتیه له هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان. بە چاکمان زانی بەشی ڕێنووس لە نامیلکەیەکی جیاوازدا کە بەشی سەرەتای ئەم کتێبەیە جیا کەینەوە؛ کە دەبێ مامۆستایان سەرەتا ئەو نامیلکەیە(بەشی ڕێنووس) کە چەند وانەیەکی ڕێنووسی لەخۆ گرتووە بە قوتابییان بڵێنەوە و پاشان بێنە سەر گوتنەوەی وانەکانی بەشی دووەمی ئەم کتێبە(بەشی وێژە). له ته‌نیشت ئه‌م چه‌ند بابه‌ته‌دا پرسیار و ڕاهێنان و خۆتاقیکردنەوەکان بۆ باش تێگه‌یشتنی فێرخوازان له ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کان به‌نرخ و کارێکی گونجاوه، که پێویسته مامۆستایانی ده‌لال لەپاڵ گرنگیدان بە بەشەکانی دیکە زۆر بایه‌خ و گرنگیی به پرسیار و ڕاهێنانه‌کانیش بده‌ن و خێرا به سه‌ریاندا ڕانه‌بوورن و قوتابییان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆژینه‌وه‌کانی نێو پرسیاره‌کان به‌تایبه‌ت په‌یام و ئامانجه به‌رزه مرۆڤی و ئه‌خلاقییه‌کانی نێو ده‌قه‌کان به شێوه‌یه‌کی مه‌یدانی هان بدرێن. مامۆستاکه ده‌توانێ له به‌رسڤ دانه‌وه‌ی هه‌ندێکیاندا ڕێنوێن و ئاریکاری قوتابییان بێت.
هه‌روه‌ها جه دلێ هه‌ر وانه‌یه‌کدا ئاوڕێکمان له به‌شێکی ئه‌ده‌بی زاره‌کیش داوه‌ته‌وه و به هێنانی چه‌ند په‌ندی پێشینیان و مه‌ته‌ڵی کوردی ئه‌و که‌لێنه‌مان پڕ کردۆته‌وه، و کتێبه‌که‌مان خه‌مڵاندووه، چونکه ده‌زانین ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه و ئه‌ده‌بی کوردییش له‌م بواره‌دا زۆر به‌پێز و ده‌وڵه‌مه‌نده.
پێویسته بێژین شرۆڤه و شه‌رحی به‌شی ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان به زمانی فارسییه، چونکه قوتابیان هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندنه‌وه به فارسی خوێندوویانه و به فارسی گۆش کراون! بۆیه پێمان وایه به هۆی زانستی و ته‌کنیکی بوونی ئه‌م سێ به‌شه‌وه شرۆڤه‌یان به زمانی فارسی له باشتر فامکردنیان له ڕێنووس و ڕازه ئه‌ده‌بییه‌کان یارمه‌تییان ده‌دات. به‌ڵام بۆ ڕاهێنان له خوێندنه‌وه‌ی ڕەوان و پاراوی کوردی‌دا، شێعر و په‌خشانه‌کان بەسوود و یارمه‌تیده‌رن.
هه‌وڵ دراوه زمان و ڕێنووسی ده‌قه‌کانیش به‌پێی یاسای په‌سه‌ند کراوی ئاکادێمیای زمانی کوردی و به ڕێنووس و زمانی یه‌کگرتوو و پێوه‌ر بن. زۆر تکایە، سه‌یدایانی ده‌لال سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک شاره‌زای ڕێنووس و زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بن و ئاگاداری خوێندنه‌وه و بێژه کردنی بێههڵه و گرێوگۆڵی ده‌قی وانه‌کان بن و جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌نەوە و قوتابییانیش ئاگاداری خوێندنه‌وه‌ی دروستی ده‌قه‌کان بکه‌ن، ده‌بێ به وه‌ها شێوازێکی دڵاوا و شیرین و گهرموگوڕیشهوه نێواخنی وانه‌کان به قوتابییان بڵێنه‌وه که دوایی له دڵیان‌دا ببێته هۆی دروستبوونی هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی و هۆگریی و چاندنی چرۆی خۆشه‌ویستیی له‌به‌رانبه‌ر زمان و ئه‌ده‌ب و چاندی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
چونکە ئێمە وەکوو مامۆستایەک دەبێ بڕوایەکی پتەومان بەمە بێت کە خوێندنگە دەبێ هەوڵ بدات: هەموو فێرخوازێک ئاوات و ئارەزووی فێربوونی لەلا گەشە بکات و فێری بکات کە زمانەکەی لا زەنگین و ڕەنگین بێت و نرخی زمانەکەی خۆی لەنێو زماناندا بزانێت.
تکامان له ئازیزانی مامۆستا ئه‌وه‌یه که گرنگییه‌کی زۆر به به‌شی ڕێنووس بده‌ن و له‌سه‌ر وانە ڕێنوسییەکان تۆزێ زیاتر بوه‌ستن و دڵسۆزانە خۆیان ماندوو بکەن و له‌سه‌رخۆ و بە ڕاهێنانی زیاتر یه‌که‌یه‌که قوتابییان له‌گه‌ڵ نووسین و بێژه‌کردنی پیته کوردییه‌کاندا ڕابێنن.
ئێمە دڵنیاین پاش لانیکه‌م یەک دوو مانگێک فێرخواز له خوێندنه‌وه‌و نووسینی کوردی‌دا هیچ گرفتێکی نامێنێ و به‌جوانی ده‌قه ساکاره‌کانی کتێبه‌که چ په‌خشانه‌کان و چ شێعره‌کان ده‌خوێنێته‌وه و فامیان ده‌کات. به‌ڵام دیسان بۆ مه‌شق و ڕاهێنانێکی زیاتر، به چاودێریی مامۆستاکه، قوتابی ده‌توانێ به دووباره نووسینه‌وه‌ی بێههڵه له ڕووی ده‌قه‌کان به‌تایبه‌ت په‌خشانه‌کان خۆی به‌هێزتر بکات.
جا هێڤیدارین ئه‌م په‌ڕتووکه که به دوور له هه‌ر جۆره ده‌مارگرژی و ناوچهگهرییهک ئاماده کراوه و به‌رهه‌می هوونی دڵ و چقاس هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێوچانی ساڵه‌هایه، ببێته ڕۆچنه‌یه‌ک بۆ داهاتوو و ئاشنا بوونی خۆر‌ت و زاڕۆیانی کورد له‌گه‌ڵ به‌شێک له خه‌رمانی به‌رینی زمان و ئه‌ده‌به‌که‌یان، ئه‌مه وه‌کوو کورد گوته‌نی: "دیاری شوان ئاڵه‌کۆکه" ئێمەش به قه‌ده‌ر توانای خۆمان له بێستانی زمان و وێژه‌ی کوردیمان ڕنیوه و به شێوه‌ی چه‌ند وانه‌یه‌ک خستوومانەته نێو دووتوێی ئه‌م کتێبه‌وه.
بێگومان ده‌زانین ئه‌م کاره بێکهموکووڕی نییه، هێڤیدارین سه‌یدایان و کوردیزانانی شاره‌زا نه‌ک به تێخی بوغز، به‌ڵکوو به خامه‌ی ڕه‌نگین و خشڵی سه‌رنج و پێشنیاره‌کانی خۆیان بیڕازێتنه‌وه و هه‌ڵه‌کانمان بۆ باشتر کردنی له داهاتوودا بۆ راست که‌نه‌وه و که‌لێنه‌کانمان بۆ پڕ که‌نه‌وه.
ده‌ست و چاوی هه‌موو ئه‌و ئازیز و مامۆستایانه ماچ ده‌که‌ین که هاندەر و خه‌مخۆری زمان و ئه‌ده‌ب و چاندی گه‌له‌که‌یانن و خۆیان لەبەرانبەر نیشتمان و زمان و ئەدەبی کوردی‌دا بە بەرپرس دەزانن. هیوادارین له زووترین کاتدا بتوانین له سێدییهکی ده‌نگییدا و به شێوه‌ی MP3 هه‌موو شێعر و په‌خشانه‌کانی کتێبه‌که، بۆ ئاسانکاریی زیاتری فێرخوازان تۆمار و بڵاو بکه‌ینه‌وه. جا با پێکه‌وه بڵێین:
دڵێکمان پێ بده ده‌ریای ئه‌وین بێ به‌رین بێ، بێبه‌رین بێ، ئاگرین بێ
دڵێ بێ، خوێن نه‌بێ، دڵ بێ له سینه دڵێ بێژه‌نگ و گه‌رد و بوغز و کینه
له‌تیف سوڵتانی، ڕەشید کەریمی
>/>>/>/a>>/>letifkurd@gmail.com
Rashid.divan1347@gmail.com
ڕیبەندانی2715ی کوردی
(1394ی هه‌تاوی)(2015ی زایینی)